لیژنەی ڕێگری لە زیادەڕۆیی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ لابردنی بەربەست و زیادەڕۆییەکانی چەند گەڕەکێکی هەڵەبجە ئەنجام دا.
دوای گەیشتنی چەندین سکاڵا و داواکاریی هاووڵاتییان، لیژنەی ڕێگری لە زیادەڕۆیی و هێزە ئەمنییەکانی هەڵەبجە، هەڵمەتێکی چڕیان بۆ لابردنی بەربەست و زیادەڕۆییەکان لە گەڕەکەکانی (هەولێر، بەختیاری و پشت پزیشکیی داد) لە هەڵەبجە ئەنجام دا.
پارێزگای هەڵەبجە لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی دانانی بەربەست و ئاستەنگی نایاسایی لە کۆڵانەکاندا، هاتوچۆی ڕۆژانەی منداڵان، بەساڵاچووان و ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری تووشی ئاستەنگ و گرفت بووبوون، بۆیە بڕیاری لابردنیان درا.
لە ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، لیژنەکە دوای پێدانی مۆڵەت و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بەو کەسانەی کە زیادەڕۆییان کردووە، سەرجەم بەربەستەکانی ئەو گەڕەکانەی لابرد و کۆڵانەکانی بۆ خزمەتی گشتی کردەوە.
پارێزگای هەڵەبجە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پاراستنی مافی هاووڵاتییان و ڕێگریکردن لە دەستدرێژیکردنە سەر موڵکی گشتی، ئەرکێکی یاسایی و ئەخلاقییە، و ڕێکاری یاساییش بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتە بەر.